دسترسی همگانی(OPAC) نێوی کتێبخانە لە ئۆپەک

كتێبخانه 

ئه‌م بەشە له‌ مارتى ٢٠٠٩ به‌دواوه‌ كارى له‌سه‌ر كراوه‌، بۆ كۆكردنه‌وه‌ى كتێب و بڵاوكراوه‌كانى مه‌یدانى كارى بنكه‌ و دانانى بنچینه‌ى كتێبخانه‌یه‌كى نیشتمانیى كوردى. هێندێ كه‌س و بنه‌ماڵه‌ كۆكراوه‌ى كتێبى خۆى پێشكه‌شى بنكه‌ كردووه‌ و تێكه‌ڵ به‌ كتێبه‌كانى بنكه‌ كراون، وه‌ك محه‌مه‌د نوورى “عه‌ترى گڵۆڵانى”، مه‌حموود مه‌لا عیززه‌ت، شێخ قادر به‌رزنجى، حسێن فه‌یزوڵڵا جاف، حه‌سه‌ن عه‌بدولكه‌ریم، حه‌سه‌ن حه‌مه‌سوور، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، نه‌سرین فه‌خرى، حامید فه‌ره‌ج، شێخ تاڵیبى شێخ حه‌مه‌غه‌ریب، دكتۆر جه‌میل شه‌ره‌ف، محه‌مه‌د سه‌عید میرزا مه‌حموود، هۆشیار شێخ مسته‌فا خاڵ، دارا عه‌تار، یاسین سابیر ساڵح، سه‌میر ئه‌سعه‌د، سدیق ساڵح. ئه‌م بەشە له‌مانه‌ى لاى خواره‌وه‌ پێك‌هاتووه‌:

 ١. گشتی

١.١. کتێب: بریتییە لە کۆکراوەی سەرچاوە بە زمانانی جیاواز، سەبارەت بە کورد و کوردستان و ناوچەکە، بەم شێوەیە:  

کوردی: كتێبى كوردى له‌ سه‌ره‌تاى ده‌رچوونیه‌وه‌ تا ١٩٩١، هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانى دراوه‌ و سه‌ره‌نجام به‌شى هه‌ره‌زۆرى لێ كۆكراوه‌ته‌وه‌ و وێنه‌ى ئه‌لكترۆنییان گیراوه‌ته‌وه‌. كۆى كتێبه‌ كوردییه‌كان تا كۆتاییى  ٢٠١٨ : ١٢٩٢١.

عه‌ره‌بى: كتێبه‌كانى سه‌باره‌ت به‌ كورد و كوردستان، مێژووى عیراق و ئێران و عوسمانى و توركیا، سه‌رچاوه‌كانى ده‌ستى یه‌كه‌مى مێژووى ئیسلام و جوگرافیاى وڵاتانى ئیسلامى، ئایین و مه‌زهه‌به‌كانى ئیسلام، مه‌سیحى، ئێزدى، كاكه‌یى، جووله‌كه‌، سابیئى، ..  پێڕستى ده‌ستنووس، ژیاننامه‌ى زانایان و نووسه‌ران له‌م به‌شه‌دا كۆكراونه‌ته‌وه‌. كۆكراوه‌ى عه‌ره‌بى تا كۆتاییى ٢٠١٨: ٢٤٣٥٣.

فارسى: تایبه‌ته‌ به‌ سه‌رچاوه‌كانى مێژووى ئێران، پێڕستى ده‌ستنووس و مێژووى كورد و كوردستان و ناوچه‌كه‌. كۆكراوه‌ى ئه‌م به‌شه‌ تا كۆتاییى ٢٠١٨: ٤٢٤٧.

زمانى دیكه: كتێبى دیكه‌ى مێژوویی له‌ باره‌ى كورد و كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌وه‌ به‌ ئینگلیزى، فه‌ره‌نسه‌یى، ڕووسى، ئه‌ڵمانیایى، ئیتاڵیایى، گریكى، .. كۆكراوه‌ته‌وه‌. کۆکراوەی ئەم بەشە تا کۆتاییی ٢٠١٨: ١٧٥٧.

٢. تایبەت: 

كۆكراوه‌ى كتێبى چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌به‌ر ژماره‌زۆرییان سه‌ربه‌خۆ له‌ ژوورى تایبه‌تدا دانراون، وه‌ك شێخ محه‌مه‌دى خاڵ، دكتۆر عه‌بدوڵڵا ئاگرین، دكتۆر كه‌مال فوئاد و دكتۆر ئیحسان فوئاد، هیلال ناجى.

٣. ڕۆژنامەگەری

گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ده‌ستى یه‌كه‌مى نووسینه‌وه‌ى مێژوو و ئاوێنه‌یه‌كى باڵانوێنى كایه‌ جیاجیاكانى ڕۆژگارى خۆیانن، وه‌ك ئه‌ركێكى بنكه‌ بووه‌ بۆ زیندووكردنه‌وه‌یان و تا ئێستا ژماره‌یه‌كى دیاریان لێ له‌ چاپ دراوه‌ته‌وه‌، هه‌وڵ دراوه‌ به‌شى هه‌ره‌زۆری ئه‌وانه‌ی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى كوردستان، جگه‌ له‌وانه‌ كه‌ به‌ عه‌ره‌بى و فارسى و توركیى عوسمانیش ده‌رچوون، كۆبكرێنه‌وه‌، وێنه‌ى ئه‌لكترۆنییان بگیرێته‌وه‌ و پۆلێن و پێڕستیش بكرێن. ئه‌م به‌شه‌ ئه‌مانه‌ى تێدا پارێزراون:

١٤٨٥ ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و بڵاوكراوه‌ى زمان جیاواز، لەوانە: ٧٢١یان کوردی، ٥٣٣ عەرەبی، ١٢٦ فارسی، ١٦ تورکی و ٨٨یان بە زمانانی ڕۆژاوایییە.

کاربران آنلاین :78